ژنانی هەڵەبجە: شارەکەمان شینی ناوێ ئاوەدانی کەنەوە ‏

2021/03/16    831 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
 
ژنانی هەڵەبجە، لە (٣٣) یەمین  ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکەیان داوادەکەن شیوەنکردن بۆ ئەویادە بگۆڕدرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو ‏لابردنی ئاسەوارەکانی ئەو کارەساتە.‏
 
 
شیرین حەسەن، خانمێکی دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە، باسلەوەدەکات، شارەکەیان رەنەقی شارێکی مردوی هەیە، ئاسەواری  کارەساتەکە وەک ‏خۆی ماوەتەوە.‏
 
 
بۆ نەوژین وتی: ”هەڵەبجە ناوێکی گەروەو شارێکی وێرانەیە، دەرفەتی کاری تێدانیە، خەڵکەکەی بەشی زۆریان لە ئاستێکی ئابوری ‏مامناوەند یان هەژارن، تەنانەت ئێمەی ژنان ئەگەرچی رەچەشکێنی زۆرباشمانکردوە، بەڵام دەیان رێگری و توندوتیژی بەرامبەرمان دەکرێت ‏کەچی ناوەندێکی حکومی نیە پەنایی بۆ ببەین“‏.
 
 
ژنان ئاماژەبەوەدەکەن شارەکەیان مرۆڤی پاش جەنگی تێدا دەژێت، بۆیە دەبێتە ئاسەوارەکانی ئەو وێرانکاریە لاببرێت تاوەکو دیمەنەکانی ئازاری دەرونیان ‏نەدات.‏
 
 
رەنگین سەلام، چالاکوان لە شاری هەڵەبجە، دەڵێت: ”ئێمە لە ماڵەکانمان دەچینە دەروە کۆڵانەکانمان هێشتا دیمەنەکانی تۆبارانکردنەکەی ساڵی ‏‏١٩٨٨ تێدایە، هەنێک دیمەن دەبینین کەهی سی و سێ ساڵ پێش ئێستایە خەڵکەکە ناتوانێت لەویادەوەریە بێتەدەرەوە، بۆیە پێویستی بەدەستێکی بەهێزە بۆ ‏ئاوەدانکردنەوەی، چونکە مرۆڤی پاش جەنگ لەم شارە دەژی“‏
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، ئەم وێنەی لە پەڕەی فەری خۆی بڵاوکردوەتەوە تاجە گوڵینەی رێزو وەفام بۆ شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە“.
 
 
حکومەتى هەرێم لە (١٣ ى ئازاری ٢٠١٣) بڕیاری بە پارێزگابونی شارەکەیدا، ژنانیش پێیان وایە ئەوە تەنها روکەشە، چونکە شارەکە نەگۆراوە تەنها بە ناو گۆراوە.
 
 
خەندە علی، ییشەی مامۆستایە بۆ نەوژین ئەوەی خستەڕو، تەنها لە کاتی یادکردنەوەی ساڵانە ئەم شارە دەکەوێتە بیری دەسەڵاتداران ”دەبین بە جلێکی رەشەوە خۆیان بە کارەساتە ‏نمایش دەکەن، راستی ئەوان زۆر سودمەند بون لەو شیوەنەی کە لە پێش چاوی کامێرا دەیکەن بۆیە دەیانوێت هەڵەبجە هەرشیوەن باربێت“.‏
 
 
رۆژی (١٦/٣/١٩٨٨) شاری هەڵەبجە لەلاین حکومەتی بەعسی ئەوکاتی عێراق کیمیاباران کراو تێدا زیاتر لە(٥٠٠٠)هەزار هاوڵاتی سڤیلی دانیشتوی ئەو شارە شەهید بون بە هەزاران کەسیش ‏برینداربون، لەگەڵ بێسەروشێن بونی دەیان کەسی دیکە.
 
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,915     ژمارەی میوان 495

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە