لە رۆژی جیهانی ژنان ـدا، چۆن ژنان دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە پاراستنی ژینگەدا؟
بیروڕا
2026/03/08 , بینین : 63


مەعروف مەجید

لە زۆرینەی کۆمەڵگاکان و بە تایبەتی کۆمەڵگەی لەمەڕ خۆمان، ژنان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتن و پاراستنی سەقامگیری کایەکانی ژیان، دەکرێت لە بۆنە و یادەکانی تایبەت بە ژنان بابەتی ژینگە زیاتر برەوی پێبدرێت و کاری زیاتری بۆ بکرێت.

لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ژیانی هەمو مرۆڤەکانی سەر زەوی هەیە، بەڵام کاریگەرییەکانی یەکسان نین، گروپە زیانلێکەوتوەکان زیاترن؛ گرنگترینیان ژنن.

بە پێی توێژینەوەکان ژنان زەرەرمەندیی یەکەمی گۆڕانیکارییەکانی کەش و هەوا و پیسبونی ژینگەن، نیشانەکانی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان کە بەهۆی پیسبونەوە دروست دەبێت بە چەندین شێوە لە خانماندا دەردەکەون، وەک ناڕێکی سوڕی مانگانە، زیادبونی خوێنبەربون و ئازارێکی زۆر تەنانەت ڕەنگە پیسبون توانای منداڵبون کەم بکاتەوە و ئەگەری لەبارچون زیادبکات و دوگیانی دوابخات.

هۆکاری زۆر هەیە کە ژنان پێویستیان بە بەشداریکردنە لە چالاکییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا، لەوانە:

ژنان نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە گفتوگۆکانی کەشوهەوا دورخراونەتەوە و لە چالاکییەکانی کەشوهەوادا پەراوێز دەخرێن.
بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕزگارکردنی هەسارەکە پێویستی بە بەشدارییەکی بەهێزی ژنان هەیە لە هەمو ئاستەکاندا، لە دانوستانەکانی کەشوهەوا تا دارستان و کێڵگەکان لەو ناوچانەی کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەرە.

بۆ نمونە، ژنانی کۆمەڵگا ڕەسەنەکان پارێزەری ژینگەن و زانیاری و ئەزمونی بەنرخیان هەیە و بونی ئەوان بەشدارە لە بنیاتنانی خۆڕاگری کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی، بۆیە بەشداری ژنان زۆر پێویستە.

ژنان دەتوانن بەشدارییەکی بەرچاو بکەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراکی جیهانیدا ئەگەر دەستیان بە هەمان سەرچاوەی کشتوکاڵی پیاوان بگات لە کەرتی کشتوکاڵدا، ئەمەش وایان لێدەکات بەرهەمی کشتوکاڵی بە ڕێژەی20% بۆ 30% زیاد بکەن.،  ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی کۆی بەرهەمی کشتوکاڵی بە ڕێژەی 2.5% بۆ 4% و کەمکردنەوەی قەیرانی برسێتی جیهانی بە ڕێژەی 12% بۆ 17%.

هەروەها بەهێزکردنی ژنان و دابینکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سەرچاوەی گونجاو بۆیان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەردەوامیی پراکتیزە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی بەردەوامیی ژینگەیی و کەمکردنەوەی هەژاری و خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. توێژینەوەکان دەریانخستوە کە ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییەکی ژنی زۆریان لە پەرلەماندا هەیە، ئەگەری پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی ژینگەیی زیاترە.

ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە چاکبونەوەی کۆمەڵگاکان لە کارەساتی سروشتی کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبن، لە ڕێگەی ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی خێزانەکانیان دەکەن، کە بەشدارە لە چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی چاکبوونەوەی پێشوەختەی کۆمەڵگاکە، بۆیە سەیر نییە کە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژنەکانیان لە پلاندانان بۆ ستراتیژییەکانی خۆڕاگری و بنیاتنانی توانادا بەشدارن، سەرکەوتووترینن.

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەمو مرۆڤەکانی سەر هەسارەکە دەبێت، بەڵام گروپە هەرە لاوازەکان، لە هەردو وڵاتی گەشەسەندو و پێشکەوتودا، بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەرە و مەترسی و بارگرانییەکان زیاتر دەکەن؛ بەتایبەت لە حاڵەتەکانی هەژاری و بەرپرسیارێتیدا.

بۆ نمونە کۆمەڵگەگەلێک هەن کە ژنان بەرپرسیارن لە وزەی ماڵ و ئاو و خۆراک و چاودێریکردنی گەنجان و بەساڵاچوان، لەگەڵ زیادبونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بارگرانی لەسەر ژنان و کچان زیاد دەکات؛ هەندێک جار ناچارن مەودای دور ببڕن بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، ئەمەش مەترسی زیاتریان لەسەرە.

بۆیە؛ بەهێزکردنی ژنان بەشدارە لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی هەژاری و گەیشتن بەو ئامانجانەی گەشەپێدانی بەردەوام کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دانراون.

نمونەی رۆڵی ژنان لە پاراستنی ژینگەدا زۆرن، وەک:

لەسەر ئاستی جیهان ژنان خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتین تەنانەت خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ژینگەپارێزیدا، لە میسر کۆمەڵێک ژن کۆمەڵەی کچانی سەوزی میسریان دامەزراند کە کار لەسەر چاندنی نەمام و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەکات سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە، لە مەغریب کۆمەڵێک ژن کۆمەڵەی "ژن بۆ ژینگە"یان دامەزراند کە کار بۆ پاراستنی ژینگەی کەناراوەکان دەکات، لە هیندستان کۆمەڵێک ژن ڕێکخراوی ژن بۆ دارستانیان دامەزراند کە کار بۆ پاراستنی دارستانەکان دەکات، لە کوردستانی باشوور و بەشەکانی تریش ژنان لەکاری ژینگەپارێزی لەناو ڕێکخراو و سەنتەرەکانی تایبەت بە ژینگە ناکرێ ڕۆڵیان بەرچاو نەگیرێت.

هەمیشە ژنان دەتوانن ڕۆڵی باشتر ببینن لە باشترکردن و پاراستنی زیاتری ژینگە، بۆنموونە، کەم بەفیڕۆدانی خۆراک و کەمکردنەوەی پاشماوەکان و بەکارنەهێنانی مادەپلاستییکی و نایلۆنەکان، بە فیڕۆنەدانی ئاو و گرنگی دانی زیاتر بە سەوزایی ناوماڵەکان و پەروەردەکردنی نەوەیەکی ژینگەدۆست لەناو خێزانەکاندا، ئەمانە و چەندین کاری جوانتر دەتوانن لەناو کۆمەڵگادا ئەنجام بدەن، دەکرێ ژنان و ئافرەتان لە بۆنە تایبەتەکاندا سێکتەری ژینگە و ژینگەپارێزی یەکێک بێت لە خاڵە جەوهەرییەکانی کارکردنی داهاتوویان.

زۆرترین بینراوەکان