گەزیزە عومەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی خەڵاتکرا

2024/04/30    264 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

ئەمڕۆ ناساندن بۆ بەرگی یەکەمی یەکەمین کتێبی خانمە هونەرمەند: گەزیزە عومەر کرا و هاوکات خەڵاتی کارۆیشی پێبەخشرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (٣٠ـی نیسان)، لە مەراسیمێک دا لە شاری سلێمانی ناساندن بۆ کتێبی (کلوەبەفرەکان پەنجەکانم ناتەزێنن)ـی خانمە هونەرمەندی شانۆکار: گەزیزە عومەر کرا.

لەبارەی کتێبەکەوە ئەو خانمە هونەرمەندە بە نەوژینی وت: کتێبەکە بریتیە لە گێڕانەوەیەکی بیرەوەریەکانم، من لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە بیرەوەریاکانم دەنوسمەوە و تۆماریان دەکەم، بەڵام بەم دواییە بڕیارم دا بیانکەم بە کتێب.

زیاتر وتی: کتێبەکە لە دو بەرگ پێکدێت، ئەمە بەرگی یەکەمیەتی و بەرگی دوەمیشی ماوە و بەچاپی دەگەیەنم.

هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی، ئەمڕۆ هەروەها خەڵاتی کارۆ بەو خانمە هونەرمەندە بەخشرا.

خەڵاتی کارۆ تایبەتە بە نوسەرانی کورد و ساڵانە و لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری کارۆ دا بە نوسەرێک دەبەخشرێت.

لەبارەی خەڵاتەکەوە، گەزیزە وتی: شانازی دەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، زیاتریش خۆشحاڵم چونکە بوم بە یەکەم ژن کە ئەم خەڵاتەکەم پێ دەبەخشرێت.

گەزیزە عومەر عەلی، ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لەدایکبوە، بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی بواری شانۆ و سینەما دادەنرێت، ئێستا ئەندامی رێکخراوی ژنانی شانۆنوسی جیھانییە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,391,768     ژمارەی میوان 2504

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە